شاى ئێران
47 ساڵ بەسەر هەڵاتنى شا تێدەپەڕێت
16ـی کانوونی دووەم؛ لە هەڵاتنی باوکەوە بۆ “خەونی سپی”ـی کوڕ
964+
وریا فەتاح
16ـی کانوونی دووەمی 1979، تەنیا مێژووی فڕینی فڕۆکەکەی محەمەد رەزا شا نەبوو بەرەو میسر، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانی مێژووی ئێران بوو لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی.
ئەمڕۆ کە 47 ساڵ بەسەر ئەو هەڵاتنە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، ئێران دیسان لە ناو تەوژمی ناڕەزایەتییەکی قووڵدایە. لە ناو ئەم ئاڵۆزییانەدا، رەزا پەهلەوی، کوڕە گەورەی شا، چاوی لەو “تەختە”یە کە باوکی بە جێی هێشت و مێژوو بە تامی “تۆڵە و گەڕانەوە” دەخوێنێتەوە.
ڕەزا پەهلەوی (لەدایکبووی 1960)، کە ئێستا وەک سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن لە ئەمریکا دەردەکەوێت، تەمەنی 17 ساڵ بوو کاتێک لە بنکەی ئاسمانی “ریس” لە تەکساس خەریکی خولی فڕۆکەوانی بوو، بەڵام رووخانی باوکی بووە هۆی ئەوەی بۆ هەمیشە لە غوربەت بمێنێتەوە.
ئەو کە خۆی بە “شای دووەم” دەزانێت، ئێستا دەیەوێت سوار شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بێت و لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت: “خەریکی خۆئامادەکردنم بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان.”،بەڵام واقیعی سەر شەقامەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵۆزترە، هەرچەندە سەڵتەنەتخوازەکان ناوی دەهێنن، بەڵام بۆ گەلانی وەک کورد، رەزا پەهلەوی فریادرەسێکی جێگەی متمانە نییە.