فڕێدانى پاشماوە لە حاجیاوا
بێزار بوون
شارەوانی حاجیاوا: وێنەی ئەو کەسانەمان بۆ بنێرن کە شار پیس دەکەن
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتی شارەوانی حاجیاوا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، نیگەرانییەکی قووڵی خۆی لەبارەی دووبارە پیسکردنەوەی ژینگەی شارەکە راگەیاند و دەڵێت، سەرەڕای پاککردنەوەی بەردەوام، کەسانێک هەن “بێباکانە” پاشماوە و خۆڵ فڕێ دەدەنە سەر شەقامەکان.
لە راگەیەندراوێکى شارەوانییەکەدا هاتووە، تیمەکانیان بە هەماهەنگی کۆمپانیای (بیڤان) چەندین شوێنیان دووبارە خاوێن کردووەتەوە، بەڵام هەندێک کەس بەبێ ویژدانانە دووبارە پیسی دەکەنەوە، شارەوانی دەڵێت: “ئەوانەی شار ناشرین دەکەن بە هاوشارییان نازانین، بەڵکو ئەوانە دوژمنی جوانیی شارەکەن.”
شارەوانی حاجیاوا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە دەکات بۆ ئەوەی رێگری لەم دیاردەیە بکەن:
1. ئەگەر بینیتان بارهەڵگرێک یان هەر کەسێک پاشماوە لە شوێنی رێگەنەدراو فڕێ دەدات، بە مۆبایلەکانتان وێنەی بگرن.
2. ئەگەر لەبەردەم ماڵەکانتان کامێرای چاودێری هەیە و وێنەی ئەو کەسانەی تێدایە کە ژینگە پیس دەکەن، وێنە یان ڤیدیۆکە بۆ شارەوانی بنێرن.
شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە هەر کەسێک وێنەی بێت، لێپرسینەوەی توندی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەکرێتە “رەمزی سزا” بۆ ئەوەی کەسی تر کاری وا دووبارە نەکاتەوە، چونکە بۆنی پیسی ئەو پاشماوانە ئازاری هەموو دانیشتووانی گەڕەکەکان دەدات.