لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە
خزمەتگوزاری زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵ بۆ بەشەخۆراکی هەڵەبجە کاراکرا
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی بازرگانی عێراق خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی بۆ زیادکردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ بۆ کارتی بەشەخۆراکی پارێزگای هەڵەبجەی کاراکرد و دەڵێت، ئەوەی کردوویانە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییە بۆ لقەکانی کارتی بەشەخۆراک.
تالیب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لەو وەزارەتە روونیکردووەتەوە، کە دەستپێکردنی ئەم خزمەتگوزارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ مۆدێرنکردنی کارەکانی کارتی بەشەخۆراک و گواستنەوە بۆ خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنیەکان.
دەشڵێت “ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانکردنی رێکارەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان”
نیعمە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ لقەکانی کارتی بەشەخۆراکی کە ماونەتەوە لە بەغدا و پارێزگاکان، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی قۆناغبەندییە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارای ئەدای کارکردن و دڵنیابوون لەوەی کە بابەتی کارتی بەشەخۆراکی بە شێوەیەکی رێکخراو و بێ کێشە دەگاتە دەست سوودمەندەکانیان.