سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق هۆشداریی دەدات

“رەخنە و ناڕەزایەتی مافێکی دەستوورییە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و ناوزڕاندن تاوانە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هۆشداری دا لە هەڵمەتی چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆكایەتی كۆمار دەڵێن، “لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، هەندێک دەنگی ناتەبا و پەیجەوانی بەكرێگێراو، بە ئامانجی ناوزڕاندن زانیاری ناڕاست بڵاودەکەنەوە، ئەم كارانەش پرۆسەی دیموکراسی و دەستووری تێکدەدەن و سووکایەتیکردنە بە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار کە هێمای عێراق و هەموو عێراقییەکانە”.

سەرۆکایەتی کۆمار هەروەها دەڵێن: “مەترسی ئەم قسە هەڵبەستراوانە لە كاتێكی هەستیاردایە و دژی سیستمی سیاسی و دیموکراسی وڵاتەکەمانە، ئەمە جگە لەوەی رۆڵیان هەیە لە وروژاندنی ناتەبایی لە نێوان پێكهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا”.

“رەخنە و ناڕەزایەتی مافێکی دەستوورییە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و ناوزڕاندن تاوانێکە کە بە یاسا سزا دەدرێن، سەرۆکایەتی کۆمار مافی خۆیەتی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە بە هەواڵی ناڕاست و سووكایەتیپێكردن، دەیکەنە ئامانج”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.

هەروەها دەڵێن، داوا لە هەر کەسێک دەکەین کە بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێن، پشت بە زانیارییە بەڵگەدارەکان ببەستن کە لەلایەن دەسەڵاتی پەیوەندیدارەوە بڵاودەكرێنەوە، هەروەها داوای لە میدیای نیشتمانی ئازاد دەكەین “رێگە نەدەن کەسانی بەدخواز و هاندەر پلاتفۆرمەکانی میدیا بقۆزنەوە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە دەستوورییەکان و بێڕێزیكردن بە دەوڵەتی عێراق”.

سەرۆکایەتی کۆمار: 90 ملیۆن دینارەکە راست نییە

سەرۆکایەتی کۆمار: 90 ملیۆن دینارەکە راست نییە