دەزگاى هەواڵگرى عێراق
سەرکردەکانی یەکێک لە مەترسیدارترین مافیا نێودەوڵەتییەکان لە سلێمانی دەستگیر کران
964+
وریا فەتاح
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی و ناوەندی نیشتمانیی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، توانیویانە دەست بەسەر سەرکردەکانی تۆڕی “فۆکسترۆت”دا بگرن کە یەکێکە لە مەترسیدارترین مافیاکانی جیھان و تێوەگلاوە لە چەندین تاوانی ئاڵۆز لە وڵاتانی جیاواز.
دەزگاکە روونى کردووەتەوە، ئەم دەستگیرکردنە دوای بەدواداچوونێکی وردی هەواڵگری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئەنجامدرا، کاتێک ئەو باندە ویستوویانە خاکی عێراق وەک بنکەیەک بۆ چالاكییە تاوانکارییەکانیان بەکاربهێنن، بۆیە هێزە ئەمنییەکان لە چەند پارێزگایەک بە شێوەیەکی هاوکات هەڵمەتیان بردە سەریان و ئەو سەرکردە تاوانبارانەیان دەستگیرکرد کە پێشتر فەرمانی گرتنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان (ئینتەرپۆل) لەسەر بووە.
دەزگای هەواڵگری جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و رێگریکردن لە هەر جۆرە چالاکییەکی مافیایی نێودەوڵەتی لە ناوخۆی عێراقدا.