کاسبکارێک : لە سێ مانگدا دوو رۆژ ئیشمان باش بووە
داخرانی بازگەی باوەمەحمود عەلوەی کەلاری بێ کار و کاسبی کردووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەهۆی داخرانی بازگەی باوەمەحمود لەسەر رێگای کەلار بۆ خانەقین، گرفت بۆ کاسبکارانی عەلوەی کەلار دروستبووە و دەڵێن،”لەدوێنێ ئێوارەوە یەک کیلۆ شتمان ناڕواتە ناوچەکانی خوارووی عێراق”.
حەیدەر عەلی، کاسبکارێکی عەلوەی کەلارە بە 964ى وت، لەماوەی سێ مانگدا تەنھا دوێنێ و پێرێ بازاڕیان باش بووە، کەچی دوێنێ دوای نیوەڕۆ بازگەکەیان لەسەریان داخستوە و رێگە بەتێپەڕبونی ئەو بارانە نادرێت بۆ ناوچەکانی خواروی عێراق کە لە مەرزەکانی ھەرێمی کوردستانەوە داخل دەبن.
وتیشی “ئێستا دوو ئۆتۆمبێلی بارھەڵگرم لەبازگەکە وەستاوە و رێگانادەن بڕوات، ئەگەر تاوەکو سبەینێ نەکرێتەوە بارەکانمان ھەمووی خراپ دەبێت و یان بە زەرەر دەیانفرۆشین یان دەبێت فڕێی بدەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھیچ کەسێک نازانێ ھۆکارەکەی چیە، کە رێگاکە نەبێت کەسیش نایاتە عەلوە، ئێستا ئەوەندە چۆڵە تۆپانی تیا بکە، داواکارین بەرپرسانی ھەرێم ئەو کێشەمان بۆ چارەسەر بکەن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن