دوای 15 ساڵ کفری بە فێستیڤاڵی وەرزشی شادبووەوە
964+
هونەر فارس – کفری
بە بەشداریی زیاتر لە 30 قوتابخانە، فێستیڤاڵی وەرزشیی کفری دوای 15 ساڵ لە وەستانی، بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە ئێوارەی ئەمڕۆ 7.3.2023 لە یاریگەی کفری بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر ئەنجام درا.
تۆڕی 964 دەزانێت، هۆکاری ئەنجامنەدانی فێستیڤاڵەکە لە 15 ساڵی رابردوودا بۆ نەبوونی یاریگەی باش و قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆڤید19 دەگەڕێتەوە.
لە فێستیڤاڵەکەدا هەریەک لە یارییەکانی “راکردنی ماوە کورت، ماوە درێژ، هەڵدانی قورسایی، هەڵدانی رم و خەپلە و یەک باز) بۆ کچان و کوڕان رێک خرابوون.
شەهێن عومەر، کە لە هەریەک لە راکردنی 100 مەتری و 200 مەتری بۆ کچان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بە تۆڕی 964ـی وت: “دوای ئەو چەند ساڵە لە وەستان خۆشحاڵم ئەم فێستیڤاڵە سەرلەنوێ کراوەتەوە و تێیدا بەشدارم”.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەم بۆ هەریەکە لە چالاکییەکان بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرا.
رەعد عەبدولڕەزاق، لێپرسراوی یەکەی چالاکیی وەرزشیی پەروەردەی کفری بە تۆڕی 964ـی راگەیاند:، جوانترین فێستیڤاڵی وەرزشییان ئەنجامداوە و ساڵی داهاتوو بە گوڕوتینی زیاترەوە فێستیڤاڵەکە ئەنجام دەدەن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد