"بازرگانان نیگەرانن"

ژووری بازرگانی سلێمانی: کیلۆیەک جلوبەرگ بووە بە هەشت دۆلار

964+

ئەحمەد مستەفا

سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی بە نوێنەری میدیاکانی وتی، بازرگانان لە سیستمی ئەسیکۆدا ناڕازین و زیادکردنی باج و رسوماتی گومرگی، نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگی لە دۆلار و نیوێکەوە کردووە بە هەشت دۆلار.

هەروەک وتی، ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ زیاترن پشتگیریی زیادکردنی باجیان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11.1.2025، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وتی، سیستمی ئەسیکۆدا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە عێراق پەیڕەو کردووە، بۆ زیادکردنی باج و گومرگ، دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەو وتی، زیادکردنی باج و گومرگ دەبێتە بارگرانی بۆ بازرگانان، نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ لە دۆلار و نیوێکەوە بووەتە هەشت دۆلار، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلای بازرگانان دروست کردووە.

نەوزاد غەفور وتی، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەبێت رسومات بەپێی پێویست بێت، بۆیە حکومەتی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە باج و گومرگدا بکات، وتیشی، “کاریگەریی ئەم بڕیارە لەئێستادا دیار نییە، چونکە ئەو کاڵایانەی کە ئێستا هەن لەبازاڕەکاندا بە باج و گومرگی پێشووتر هاتووە، بەڵام لە دوای ئەم بڕیارە هەندێک لە کاڵا و شمەک نرخەکانیان لە بازاڕدا زۆر بەرزدەبێتەوە.

ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە و بە سیستەمی ئۆتۆماتیکیی زانیارییە گومرگییەکان دەناسرێت، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (ئۆنکتاد – UNCTAD) پەرەی پێدراوە و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بۆ ڕێکخستنی کارە گومرگییەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان بەکاردێت.

سیستەمەکە کار دەکات بۆ هەژمارکردنی ڕەسمی گومرگی و باجەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەپێی جۆری کاڵاکە، کۆدی پێناسەی گومرگی، وڵاتی بەرهەمهێن و رێککەوتننامە بازرگانییەکان، سەرەڕای بەڕێوەبردنی زانیارییە گومرگییەکان بە ئەلیکترۆنی، ئەمەش مامەڵە کاغەزییەکان کەمدەکاتەوە و رێکارەکانی دەرهێنانی کاڵاکان خێراتر دەکات.

ژووری بازرگانی سلێمانی: هەناردەی کاڵای هەرێم بۆ عێراق ...

ژووری بازرگانی سلێمانی: هەناردەی کاڵای هەرێم بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە