بەشێکیان نەزۆک کراون

هەولێر؛ هەشت هەزار و 437 سەگی بێلانە لە شەقام و گەڕەکەکان کۆکراونەتەوە

ئەحمەد مستەفا

تەنیا لە ماوەی ساڵی 2025 و لەناو سەنتەری شاری هەولێر، توانراوە هەشت هەزار و 437 سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکاندا کۆبکرێنەوە.

شارەوانی هەولێر ئاماری ساڵی رابردووی تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بڵاو دەکاتەوە و رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر هاوڵاتییان، هەزاران سەگ لە شەقامەکانەوە رەوانەی شێڵتەر کراون.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لەراگەیەندراوەکەدا ئوەشی ئاشکراکردووە، لە چوارچێوەی پلانەکانیاندا و لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزییەوە کارەکان کراون.

شارەوانی هەولێر روونی کردووەتەوە کە ئامانج لەم هەڵمەتە کەمکردنەوەی مەترسیی پەلاماردانی هاوڵاتییان بووە و سەگەکان رەوانەی شێڵتەری حەوانەوەی ئاژەڵە بێلانەکان کراون.

لەبارەی چارەسەرکردنیانەوە، لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشێکیان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کوتانیان بۆ کراوە (ڤاکسین کراون) و نەزۆک کراون، پاشان لە دەشتاییەکانی دەرەوەی شار ئازاد کراونەتەوە.

هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ستافێکی شارەزا بەڕێوەبردنی شێڵتەرەکەیان لە ئەستۆیە و خۆراک و چارەسەری پێویست بۆ سەگەکان دابین دەکەن.