حەلەب لەژێر بۆردوماندا
"شەڕ نەوەستاوە"
ئاسایشی ناوخۆ؛ بوونی تونێل لەژير نەخۆشخانە کراوە بە بیانووی بۆردومان
964+
ئەحمەد مستەفا
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بانگەشەکانی چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریا لەبارەی بە هەبوونی تونێل لە ژێر نەخۆشخانەی شەهید خالد فەجری رەتکردەوە و دەڵێ، داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە چاو لە بارودۆخی نەخۆشخانەکە دانەخەن.
ئاسایش لەو راگەیەندراوەدا دەڵی، بەرپرسیارانی چەکدارانی حکومەت لە حەلەب بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ژێر نەخۆشخانەی شەهید خالد فەجر لە شێخ مەقسوود تونێلی شەڕ هەیە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە تونێلەکاندا شەڕ دەکەن، ئەمەش دەکەنە بیانووی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکە.
ئەوە لە کاتێکدا، پاش ئەوە راگەیەندراوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، هەموو ئەو بانگەشانەی حکومەتی دیمەشقیان ڕەت کردەوە کە باس لە ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکەن.
ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەلەب بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد کە شەڕ لە حەلەب درێژەی هەیە و بانگەشەی حکومەتی سووریا بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان دوورە لە ڕاستی.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی ناوخۆ: وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشق، هەواڵی ناڕاستی لەبارەی وەستاندنی شەڕ بڵاوکردەوە، بەڵام چەکدارەکانیان بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەی خالید فەجر، و بە هۆیەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی بریندار بوون.
دەقی راگەیەندراوەکە وەکخۆی:
“بەرپرسیارانی چەتەکانی حەلەب بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ژێر نەخۆشخانەی شەهید خالد فەجر لە شێخ مەقسوود تونێلی شەڕ هەیە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە تونێلەکاندا شەڕ دەکەن، ئەمەش دەکەنە بیانووی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکە.
ئێمە لە کۆکەوە ئەم بانگەشانە ڕەتدەکەینەوە و داوا لە شاندە نێودەوڵەتییە بێلایەنەکانی مافی مرۆڤ دەکەین لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی نەخۆشخانەکە بکەن، چەتەکان بەم بانگەشانە دەیانەوێت بیانووی کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتییانی برینداری مەدەنی، کە ژن و منداڵن و لە نەخۆشخانەکەدا گیریان خواردووە بە ڕەوا نیشان بدەن و تاوانە جەنگییەکانیان بشارنەوە.