ژمارەیان 200 کەسە

ئەو کەسانەی فریای پشکنینی حەج نەکەوتن پێنجشەممە بچنەوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 15.1.2026، پشكنینی پزیشكی بۆ ئەو کەسانە دەکرێ کە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن و لەكاتی دیاریكراودا ئامادە نەبوون.

ژمارەی ئەو کەسانە 200 حاجییە، بەشێكیان هی دەرەوەی شارن و بەهۆكاری نەبوونی پاسپۆڕت و نەشتەرگەرییەوە پێشووتر پشكنینیان بۆ نەكراوە.

تەها سەعید، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بە 964ی وت، لەلایەن مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی “نەخۆشخانەی شیرەكە” ئاگاداركراوینەتەوە، كە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە كاتژمێر 8:00 بۆ 12:30 خولەک، لیژنەی تایبەتمەند بۆ پشكنینی حاجیان دادەنیشێت و كە لیژنەكە بڕیار لە چوونیان بۆ حەج دەدات.

بە قسەی ئەو بەرپرسەی حەج و عومرەی سلێمانی، لیژنەكە زارەكییە (شەفەیی)، واتا توانای جەستەیی، (قسەكردن و ژیریی) و دەروونیان هەڵدەسەنگێنێت، پشكنینی تاقیگەیی تێدا نییە.

ئەمساڵ لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی سلێمانی، كە هەریەك لە ناوشاری سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوو، سەیدسادق و پێنجوێن دەگرێتەوە،  هەزار و 234 هاوڵاتی سەردانی ماڵی خودا دەكەن، لەو ژمارەیەش پێنج پزیشك و هەشت سەرپەرشتیار (موڕشید) هاو سەفەریان دەبن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ئەوەنەما حاجیان بە دڵى خۆیان وێنە بگرن

ئەوەنەما حاجیان بە دڵى خۆیان وێنە بگرن