گەڕەکى شێخ مەقسود لە ژێر بۆردوماندا
حەلەب
سوپای عەرەبیی سوریا: گەڕەكی شێخ مەقسوودمان كۆنتڕۆڵ كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سوریا رایگەیاند، گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب كۆنتڕۆڵ كردووە.
فەرماندەییەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، داوا لە خەڵکی سڤیلی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکەین کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
هەروەها دەڵێن، هاوڵاتیانی سڤیل دەتوانن پەیوەندی بەو هێزە سەربازییانەی کە لە شەقامەکانی گەڕەکەکەدا ئامادەن بكەن، لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
ئەمە لە كاتێكدایە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەزامەندی نیشاندابوو لەسەر گواستنەوەی هێزەکانیان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبەوە بەرەو رۆژهەڵاتی فوڕات، بەڵام بە چەند مەرجێک کە پەیوەستن بە پاراستنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە، بە تایبەتی هاوڵاتیانی كورد.
نزیكەی هەفتەیەكە هێزەكانی سەر بە حكومەتی ئەحمەد شەرع هێرش دەكەنە سەر گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەب، لە دوێنێشەوە بە هێزێكی گەورە و چەكی قورس و تانك و تۆپەوە بۆرودومانی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەنی زەید دەكەن، كە كوردنشینن و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی سڤیلیسی تێدایە، بە هەزارانیش ماڵەكانیان چۆڵ كردووە.