خاڵی قسەی بۆ 964 کردووە
“دەرهێنانەوەی تەرمی شاخەوانەکە شەش بۆ حەوت کاتژمێری خایاندووە”
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
درەنگانی ئەمشەو هەینی 9.1.2026 تەرمی دیاکۆ ئیسماعیل ئەو شاخەوانەی لە شاخی پیرەمەگروون هەڵدێرا، گەیەنرایە پزیشکی دادی سلێمانی و خاڵێشی دەڵێت، دەرهێنانەوەی تەرمەکەی نزیکەی حەوت کاتژمێری خایاندووە.
سەبوور عەبدولستار خاڵی شاخەوانەکە لەبەردەم پزیشکی دادی سلێمانی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کاتێک خەبەریان پێداین، لەگەڵ کەسوکاری تا نزیک زێوێ رۆیشتین، بەڵام لەوێ پۆلیس و تیمەکانی بەگری شارستانی پێیانوتین کە نابێ لەوە زیاتر بڕۆن، چونکە کێشە بۆ ئێوەش دروست دەبێ و دوایی دەبێ فریای ئێوەش بکەوین”.
“دیاکۆ لە سەرکەوتندا پێی خزاوە و کەوتووە، تا دۆڵەکە چووەتە خوارەوە، دەرهێنانەوەی تەرمەکەشی شەش بۆ حەوت کاتژمێری پێچووە”، سەبوور عەبدولستار وای وت.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، 9.1.2026 گروپێکى شاخەوانىی شەش کەسیی لە شاخى پیرەمەگروون بە دیوى سەیرانگاى زێوێدا تووشی هەڵدێران بوون و بەهۆیەوە یەکێک لە شاخەوانەکان گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری