تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا هۆشداری دەدات

ئەمریکا داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە حەلەب دەکات

964+

ژێوار خدر

ئەمریکا بە “نیگەرانییەکی قووڵەوە” چاودێری شەڕو گرژییەکانى گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەکات و داوا دەکات دەستبەجێ پێکدادانەکان رابگیرێن.

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: داوای لە حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە، ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن و پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و موڵک و ماڵیان بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندی و رەچاوکردنێکی دیکەوە.

نێردەى ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە، لە 13 مانگی رابردوودا سوریا هەنگاوی مێژوویی بەرەو سەقامگیری و ئاشتەوایی نیشتمانی ناوە، هەربۆیە پێویستە ئەم دەستکەوتانە بپارێزرێن و رێگری لە گەڕانەوەی توندوتیژی بکرێت.

دەشڵێت گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی نێوان نوێنەرانی سوریا و ئیسرائیل، هەنگاوێکی گرنگن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا.

جەخت دەکاتەوە کە چاکبوونەوەی برینەکانی ململانێیەکی درێژخایەن کاتی دەوێت و پێویستی بە ئارامی، لێبوردەیی و لێکتێگەیشتنی راستەقینەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریایە بۆ ئەوەی بازنەی توندوتیژی و مەینەتی لەو وڵاتەدا کۆتایی پێ بێت.

لە پەیامەکەیدا، ئەمریکا بە توندی هۆشداری دەداتە “هێزە دەرەکییە تێکدەرەکان و بریکارەکانیان” کە دەیانەوێت پڕۆسەی ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەکبخەن و داوا لە سەرکردایەتی دیمەشق و هەسەدە دەکات، لەبری “گۆڕینەوەی تەقە” پەنا بۆ “گۆڕینەوەی بیرۆکە” ببەن و پابەندی ئەو دیدگایە بن کە مافی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی کورد، سوننە، دروز، کریستیان و عەلەوی فەراهەم دەکات و برینە قووڵەکانی چەندین ساڵەی سوریا ساڕێژ دەکات.

"سوپاسگوزاری دیالۆگی بنیادنەرانەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریاین"