ئۆتۆمبێلەكەی هونەرمەند بەكر مستەفا لە ژێر بەفر دەرهێنرا
“خەڵک قەل دەخاتە ژێر بەفر، ئێمە ئۆتۆمبێل”
964+
دیلان محەمەدجەزا
هونەرمەندی ناسراوی دراما و شانۆ بەكر مستەفا، دوای ئەوەی سەردانی ئێرانی كرد بۆ سەردانی نەخۆشێك، كە كوڕی خەزووریەتی، ئۆتۆمبێلەكەی لە مەرزی سەیرانبەن جێهێشتووە و لەو ماوەیەدا بەفرێكی زۆری لێ باریوە، خۆیشی دەڵێ، دوو مەتر بەفر لەسەر ئۆتۆمبێلەكەی كەوتبوو.
بەكر مستەفا ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.1.2026 بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، سەردانی بۆكانی كردووە بۆ سەردانی نەخۆشێك، كە ژنبرایەتی و تا گەڕاوەتەوە ئۆتۆمبێلەكەی لە مەرزی سەیرانبەن كەوتبووە ژێر بەفرەوە.
وتیشی، شوكر بۆ خوا ئەمجارە گۆڕانی كەشوهەوا راست دەرچوو، سوپاسی ئاسایشی سەیرانبەیش دەكەم كە زۆر یارمەتیانداوم و ئۆتۆمبێلەكەشم هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووە، سوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكەم یارمەتیاندام.
پەیامنێری 964 پرسیاری ئەوە لە هونەرمەند بەكر مستەفا دەكات، كە لە ژێر فشاری ماڵەوە بەم بەفر و سەرمایە سەفەری ئێرانی كرد، ئەویش دانی پێدادەنێت كە بێگومان وایە، بەڵام دەڵێت، ئەو كەسەی نەخۆشە برای ژنەكەیەتی و بە ئەركی زانیوە سەردانی بكات و لەو نەخۆشییەی تووشی بووە لەگەڵیدا بێت.
بەكر مستەفا هەر بە پێكەنینەوە باسی ئەحمەد جۆلاش هاوڕێیشی دەكات و دەڵێت، لە رزگاركردنی ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵیدا بووە، بەڵام تەنیا پاوەربانكێك و قەمسەڵەیەكی بەدەستەوە بووە و هیچی نەكردووە!
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا