كارگەی چپسی ماركۆ

ئاگرە گەورەکەی پیرزین نەماوە و تا ئێستا كارەبای ناوچەكەش نییە

964+

ئەحمەد شەمزین

ئەو ئاگرەی لە كارگەی چپسی ماركۆ لە پیرزین كەوتەوە، هێشتا پاشماوەكەی دەسووتێ، پاش ئەوەی ئەم ئێوارەیە سەری هەڵدایەوە، بەڵام وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئەو ماددانەی دەسووتێن پاشماوەی ئاگرەن و ئاگری گەورە كۆنتڕۆڵ كراوە.

لە دەوروبەری شەشی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6.1.2026 ئاگرێكی گەورە لە كارگەی دروستكردنی چپسی ماركۆ  كەوتەوە و لە كاتژمێر 11:00 كۆنتڕۆڵ كرا، بەڵام ئەم ئێوارەیە جارێكی دیكە ئاگرەكە سەریهەڵدایەوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە، هێشتا پاشماوەی كارگەكە دەسووتێت، هەروەك پەیامنێری 964 خۆی لە شوێنی ئاگرەكەیە.

بەڵام وتەبێژی  بەرگریی شارستانی شاخەوان جاف بە 964ی وت، ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە، ئەوەی دەسووتێ پاشماوەی ئاگرەكەی بەیانییە،  ئەو ماددانە دەسووتێن، هیچ جیاوازییەكیان نییە لەگەڵ بەنزین، چونكە نایلۆنە.

وتیشی، شەش تیم ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد لەم ئێوارەیە و بە درێژایی ئەمشەویش چوار تیم لەوێ دەمێنیتەوە تا بەتەواوی ئاگرەكە نەمێنیت.

تا ئێستا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە دیاریی نەكراوە، كە نزیكەی كارگەكەی وێران كرد و هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و زیان دەیان ملیۆن دۆلاری بە خاوەنەكەی گەیاند، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 150 كەس لەو كارگەیە كاریان دەكرد و جارێ بێ كار دەمێننەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرەکەی پیرزین کۆنترۆڵکرا و تیمەکان رۆشتنەوە

ئاگرەکەی پیرزین کۆنترۆڵکرا و تیمەکان رۆشتنەوە