بەنزینە 800 دینارییەکەیان بە گران فرۆشتووە
لە زاخۆ دوو بەنزینخانە داخران
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زاخۆ دوو بەنزینخانە بە تۆمەتی گرانفرۆشتن و فێڵکردن لە دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری، بە پێبژاردن و داخستن بۆ ماوەی چەند رۆژێک سزادران.
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حکومەت بۆ هەر رۆژێک دوو بۆ سێ بەنزینخانە دەستنیشاندەکات بۆ ئەوەی بەنزینی 800 دیناری بەسەر شوفێراندا دابەش بکەن و بۆ هەر یەکێکیان بڕی 20 بۆ 30 هەزار لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو دابین دەکات.
ئەو دوو بەنزینخانەیە بەنزینی 800 دیناریان بە 920 دینار فرۆشتووە
عوسمان عەلی، بەرپرسی لیژنەی سوتەمەنی لە قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ی وت، دوو بەنزینخانە بەشێوازی بازرگانی بەنزینی 800 دیناریان فرۆشتووە و بۆ هەر لیترێک 120 دینار زیاتریان لە هاوڵاتییان سەندووە، لەسەر ئەوە سزادران.
بە وتەی بەرپرسی لیژنەی سوتەمەنی لە قایمقامیەتی زاخۆ، یەکێک لەو بەنزینخانانە بە بڕی دوو ملیۆن دینار و 10 رۆژ داخستن و دوو مانگ بێبەشکردن لە بەنزینی حکومی سزادرا، ئەوەی تر بە چوار ملیۆن دینار و 20 رۆژ داخستن و سێ مانگ بێبەشکردن لە پێدانی بەنزینی حکومی سزادرا.
لەبارەی بەشە بەنزینی زاخۆ، عوسمان عەلی وتی، “ئێمە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان کردووە کە بەشە بەنزینی زاخۆ زیاد بکەن، ئەوانیش بەڵێنیانداوە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر