سەرۆکى راسپێردراوى ڤەنزوێلا و کاربەدەستانى حکومەتەکەى
"وەرە با گفتوگۆ بکەین"
سەرۆکى راسپێردراوى ڤەنزوێلا پەیامێکى نەرمى ئاراستەى ترەمپ کرد
964+
وریا فەتاح
دێڵسی رۆدریگێز، کە لە دوای بێسەروشوێنبوونی مادورۆ لەلایەن دادگای باڵاوە وەک سەرۆکی راسپێردراوی ڤەنزوێلا دیاریکراوە، پەیامێکی فەرمی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و داوای “گفتوگۆ و هاوکاری” دەکات لەجیاتی جەنگ.
رۆدریگێز لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026 لە ئاژانسی فەرمیی ڤەنزوێلا (AVN) بڵاوکراوەتەوە، واشنتنی بانگهێشت کرد بۆ کارکردن لەسەر “ئەجێندایەکی هاوکاری” کە گەرەنتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزی دوولایەنە بکات.
گرنگترین خاڵەکانی پەیامەکەی رۆدریگێز:
پەیام بۆ ترەمپ: رۆدریگێز بە راستەوخۆ ناوی دۆناڵد ترەمپی هێناوە و نووسیویەتی: “سەرۆک ترەمپ؛ گەلەکەمان و ناوچەکەمان شایستەی ئاشتی و گفتوگۆن نەک جەنگ، ئەمە هەمیشە ڕێبازی نیکۆلاس مادورۆ و تەواوی ڤەنزوێلا بووە.”
سەروەریی نیشتمانی: جەختی کردەوە کە ڤەنزوێلا مافی پاراستنی سەروەری و گەشەپێدانی هەیە و دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای “یەکسانی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ” بن.
بانگەواز بۆ جیهان: داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتگیری لە ئاشتی بکەن و رایگەیاند؛ ئاشتیی جیهانی تەنیا بە گەرەنتیکردنی ئاشتیی نەتەوەکان بەدی دێت.
ئەم پەیامە “نەرمە”ی سەرۆکی نوێی ڤەنزوێلا لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لەژێر فشارێکی توندی سەربازیی ئەمریکادایە و چارەنووسی نیکۆلاس مادورۆش بە نادیاری ماوەتەوە.