"پێویست بە هێنانی پشتگیری ناکات"
وەزارەتى خوێندنى باڵا کارئاسانی بۆ لێخۆشبونەکەی کرێی خوێندن بۆ خوێندکارانی چەمچەماڵ دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ لێخۆشبون لە کرێی خوێندن، ئاسانکاری بۆ قوتابی و خوێندکارانی چەمچەماڵ دەکات، کە پێویست ناکات پشتگیری بهێنن.
لە فەرمانێکی وەزاریدا بە ژمارە 21 کە ئەمڕۆ یەکشەممە 4.1.2026 بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچووە و تایبەتە بە لێخۆشبون لە قوتابی – خوێندکارانی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026.
بڕیاریدا “پێویست ناکات خوێندکاران پشتگیری لە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بهێنن، بەڵکو بە هەماهەنگی نێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکان لەڕێگەی سیستمی زانکۆلاین، لە کۆدی تاقیکردنەوە کە بریتییە لە 13 ژمارە و ژمارەی (پێنجەم و شەشەم) بۆ دەرچوانی پەروەردەی چەمچەماڵ بریتییە لە 05 دڵنیاببنەوە کە شوێنی نیشتەجێبونیان قەزای چەمچەماڵ و ناوچە زیانبەرکەوتوەکانە و کاری پێویستیان بۆ ئەنجام بدەن بەمەبەستی لێخۆشبون لە کرێی خوێندن.
وەزارەت دەڵێت ئەم کارەیان لەپێناو بەشداریکردن و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری بەهۆی کارەساتە سروشتییەکەی ئەم
دواییەیە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بوو بە لێخۆشبون لە پارەی کرێی خوێندنی خوێندکارانی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری کە بە پارالێل یان خوێندنی ئێواران وەرگیراون لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا)، لە سەرجەم زانکۆکان بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026.