17 گەنج خرانە کونجى زیندانەوە
لە کۆڕنیشى شەتوڵعەرەب”شکۆى ژنانى عێراق لەکەدارکرا”
964+
وریا فەتاح
لە بەسرە، شەوی سەری ساڵ لە ئاهەنگەوە گۆڕا بۆ شەرمەزاری، چونکە ژمارەیەک گەنج چەند گێچەڵى سێکسیان بە چەند کچیک کرد، دیمەنێک کە ویژدانی عێراقییەکانى هەژاند و شکۆی کچانی لەسەر کۆرنیشی شەتولعەرەب بریندار کرد، بەڵام ئەمجارە سووک و ئاسان تێنەپەڕى و لەسەر ئەو کارە 17 گەنج دەستگیرکران.
ئەسعەد عەیدانی، پارێزگاری بەسرە، رایگەیاند: هیچ کەمتەرخەمییەک قبوڵ نییە، لە ڕێگەی تەڵەی کامێراکانی چاودێری و ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرانەوە، هێزە ئەمنییەکان یەک بەیەک ناسنامەی تێوەگلاوانیان ئاشکرا کرد و 17 کەسیان دەستگیرکردووە”.
رووداوەکە، بووەتە باسێکی گەرمی نیشتمانی لە عێراقدا، ماددەکانی 400 و 401ی یاسای سزادان توندن، بەڵام ئێستا دەنگەکان بەرزتر بوونەتەوە. چالاکوانان و پەرلەمانتاران داوای ‘هەموارکردنەوەی یاسا’ دەکەن؛ دەیانەوێت سزای تەحەڕوش لە ‘سەرپێچی’یەوە ببێتە ‘تاوان’ و بگاتە 5 ساڵ زیندانی.
رێکخراوەکان و چالاکوانانى مافەکانى مرۆڤ و ژنان، یەک داواکاریان هەیە کە ئەویش “دادگاییکردنی ئاشکرا”یە، بۆ ئەوەی کەس نەوێرێت کەرامەتی ژنان بکاتە ئامانجی کات بەسەربردنە کاتییەکانی.