179 دوانە و 9 حاڵەتی سیانەش هەن
له 2025 نزیكه‌ی 10 هه‌زار منداڵ لە سلێمانی له نه‌خۆشخانه له دایكبوونە
فەرهاد حەسەن
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ساڵی رابردووی منداڵبوونی لە پارێزگاکەی ئاشکرا کرد کە لەو ساڵەدا، نزیکەی 10 هەزار منداڵ لەدایکبوونە و زۆربەیان کوڕن.
بەپێی ئامارەکە کە ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بڵاویكردووەته‌وه، لە ماوەی ساڵی رابردودا نۆ هه‌زار و 848 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵبونی فریاكەوتنی فێركاری لەدایكبون و لەو ژمارەیە پێنج هه‌زار و 96 منداڵ كوڕ بون و چوار هه‌زار و 752 منداڵیان كچ بوە.
پێنج هه‌زار و 528 منداڵ بە سروشتی لەدایكبوونە و چوار هه‌زار و 320 منداڵ لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە بووە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ده‌ڵێت، ساڵی رابردو 42 هه‌زار و 723 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵبونی فریاكەوتنی فێركاریان كردووە، لەو ژمارەیە 13 هه‌زار و 101 نەخۆش داخڵكراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
هەر لە ساڵی رابردووش‌دا لە نەخۆشخانەی منداڵبونی فریاكەوتنی فێركاری 179 حاڵەتی لەدایكبونی دوانە و نۆ حاڵەتی لەدایكبونی سیانە تۆماركراون.