تیمەكانی ژینگەپارێزی زوو كاری خۆیان كردووە
ناوبازاڕی هەولێر پاكوخاوێن كراوەتەوە و پایتەخت ساڵی نوێ دەستپێدەكات
964+
رێباز خدر
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.1.2026 پەیامنێری 964 لە ناو بازاڕی هەولێر و لە نزیك قەڵا، دیمەنەكانی وێنە گرتووە و دەردەكەوێت شوێنی ئاهەنگەكەی شەوی رابردوو پاكوخاوێن كراوەتەوە و رێگای ناو بازاڕی هەولێریش بە رووی ئۆتۆمبێلدا كراوەتەوە.
وەك دەردەكەوێت تیمەكانی ژینگەپارێزی كاری خۆیان بە خاوێنی كردووە و بازاڕ و شەقامەكانیان پاككردووەتەوە، ئیتر بازاڕیش كراوەیە و دوكانەكان لە چاوەڕێیی هاوڵاتیان و گەشتیارانن.
شەوی رابردوو لەو شوێنەی كە لە ڤیدیۆكان دەردەكەون، بە هەزاران هاوڵاتی خەریكی ئاهەنگگێڕان و پێشوازی بوون لە ساڵی نوێ.
لە ماوەی زیاتر لە 10 رۆژی رابردوو بەردەم قەڵا و سەنتەری شار فێستیڤاڵی لێ بەڕێوەدەچوو، شەوانە ئاهەنگی تێدا دەكرا و هەروەها بازاڕی كاری دەستی و خواردن و كەلوپەلی جۆراوجۆری لێ كرابووەوە و رەنگە بازاڕ و فێستیڤاڵەكە تا یەك دوو رۆژی دیكەش بەردەوام بێت، بەڵام ئاهەنگەكانی شەوانە كۆتاییان هات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا