مارک ساڤایا
مارک ساڤایا، نوێنەری ترەمپ بۆ عێراق
2026، ساڵی كۆتاییهاتنی میلیشیاكانە لە عێراق و كاتیان تەواو بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
مارک ساڤایا ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.1.2026 پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی لە عێراقییەكان كردووە و دەڵێت، ساڵی نوێ ساڵی عێراقە و ساڵی كۆتاییهاتنی میلیشیاكانە، چونكە كاتیان تەواو بووە و شوێنیان نەماوە.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، بەبۆنەی هاتنی ساڵی 2026 پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی داهاتوو رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە، “وێرانکارییان لەسەر زەوی عێراق کردووە”.
دووپاتیشی کردەوە کە سەردەمی ئەوان “میلیشیاكان” تەواو بووە و سەردەمی عێراق و عێراقییەکان دەستپێدەكات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی 2026 ساڵی چارەسەرکردنی 16 پرسی سەرەکی دەبێت، کە لە پێش هەموویان میلیشیاکان و بڵاوبوونەوەی چەک و گەندەڵی و ناسەقامگیری، جگە لە بابەتی دیکە.
لە پەیامەكەی ساڤایادا، کە 964 بینویەتی، هاتووە: ساڵی نوێی 2026 لە گەلی عێراق پیرۆز بێت، لە کاتێکدا پێشوازی لە ساڵی 2026 دەکەین، هیوای دڵسۆزانەتان ئاراستە دەکەم بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و هیوای نوێبووەوە، هێز و خۆڕاگریتان ئیلهامبەخشە بۆ جیهان”.
هەروەها دەڵێت، “ساڵی نوێ دەرفەتی باشتر و سەقامگیری و ئایندەیەکی گەش بۆ هەموو عێراقییەکان دەهێنێت، لەگەڵ حکومەتی کۆماری عێراق کاردەکەین، لە چوارچێوەی دەستوور و یاساکانی عێراقدا، بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ عێراق و گەلی عێراق”.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا و سەرۆک ترەمپ بۆ عێراق، هەروەها وتی: کاردەکەین بۆ ئەوەی ساڵی 2026 بکەینە ئەو ساڵەی کە کۆتاییەکانی: ناسەقامگیری، بێکاری، قاچاخچێتی، چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو، نەزانی، تاڵانکردنی سامانی وڵات، خراپی خزمەتگوزارییەکان، سپیکردنەوەی پارە، میلیشیاکان، هەژاری، گرێبەستی ساختە، گرژییە ناوخۆییەکان، نایەکسانی، گەندەڵی، دەستوەردانی دەرەکی، گەندەڵی، دەربازبوون لە یاسا و نادادپەروەری” كۆتایی پێهێندرێت.
ساڤایا جەختی لەوە کردەوە، “ئەم پەیامە ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە وێرانکارییان بەسەر خاکی عێراقدا هێناوە، سەردەمی ئێوە تەواو بووە، سەردەمی عێراق و عێراقییەکان دەستی پێکردووە”. لە کۆتاییدا وتی، عێراق و ئاڵاکەی بە بەرزی دەمێنێتەوە، جێگای شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان و ئێمە هێشتا لە سەرەتاوەین”.