لە چەمچەماڵەوە بۆ کۆشکی سپی

پانۆرامای 2025: ساڵی وەرچەرخانە گەورەکان


وریا فەتاح

ئەمڕۆ 31ی کانوونی یەکەمی 2025، دواین پەڕەی ساڵێک هەڵدەدەینەوە کە پڕ بوو لە رووداوی هەژێنەر و گۆڕانکاریی گەوهەرى و گرنگ، 2025 تەنها ساڵێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ساڵی ململانێی توند، رێککەوتنی چاوەڕواننەکراو و شۆڕشی تەکنەلۆژی بوو، ساڵێک کە تێیدا بڕیارەکانی “کۆشکی سپی” و بارانەکانی “چەمچەماڵ”، زۆر شتیان لە یادەوەرى ئێمەدا، چاند.

لێرەدا 10 وێستگەی گرنگی ساڵ دەخەینە ڕوو:

1. گەڕانەوەی “ترەمپ” بۆ کۆشکى سپى
لە 20ی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ وەک 47ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، گەڕانەوەی ئەو بۆ کۆشکی سپی، بووە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن، بەتایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی ئۆکرانیا و دۆسێی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

2. لێدان لە “فۆردۆ” و جەنگى 12 رۆژە
لە مانگی حوزەیرانی 2025، جیهان هەناسەی سواری بوو کاتێک فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشی راستەوخۆیان کردە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی “فۆردۆ” لە ئێران، بەمەش کۆتایى بە جەنگى 12 رۆژەى “ئێران- ئیسرائیل”، هێنا.

3. دوکەڵى سپى پاپایەکى نوێ
لە 8ـی ئایاردا، ڤاتیکان دوکەڵی سپی بەڕێکرد و کاردیناڵ “رۆبێرت فرانسیس پرێڤۆست” وەک پاپای نوێ هەڵبژێردرا، ئەو کە ناوی (لیۆی چواردەیەم)ی بۆ خۆی هەڵبژارد، یەکەم پاپایە لە مێژوودا کە خەڵکی کیشوەری ئەمریکای باکوور بێت.

4. خامۆشبوونی دەنگی چەکەکان لە غەززە و لوبنان
دوای دوو ساڵ لە وێرانکاری و جەنگێکی خوێناوی، دواجار لە تشرینی یەکەمی 2025دا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەرهەمیان هەبوو و ئاگربەستێکی گشتگیر لە غەززە و لوبنان راگەیەندرا، ئەمەش هیوای بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان گێڕایەوە.

5. 2025: ساڵی “ژیریی دەستکرد”
کۆمپانیای OpenAI بە بڵاوکردنەوەی مۆدێلەکانی GPT-4.5 و o3، سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێری کاڵکردەوە. ئەم وەشانە نوێیانە کە توانای “بیرکردنەوەی لۆژیکییان” هەیە، گۆڕانکارییان لە هەموو سێکتەرەکاندا دروست کرد و جیهانیان خستە قۆناغێکی نوێی تەکنەلۆژییەوە.

6. گۆڕانکاریی مێژوویی؛ “پەکەکە” چەکی دانا
لە 12ـی ئایاری 2025دا، پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە هەنگاوێکی مێژوویدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک هێزێکی چەکدار راگەیەندرا. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک دەستپێشخەریی ئاشتی لەگەڵ تورکیا هات و ئومێدێکی گەورەی بۆ سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کرد.

7. دەمارەکانی ئابووری هەرێم کەوتەوە کار
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاوەستان، لە 27ی سێپتەمبەری 2025دا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە دەستی پێکردەوە. ئەم رێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا بووە هۆی کۆتاییهاتنی قەیرانە داراییە توندەکان و رێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

8. شەوێکی تاریک لە “کۆرمۆر”
لە 23ی نۆڤەمبەردا، کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتە بەر هێرشێکی درۆنی، ئەم هێرشە نەک تەنها زیانی ماددی گەورەی هەبوو، بەڵکو بووە هۆی پەککەوتنی کۆگای سەرەکی غاز و کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی بۆ نزمترین ئاست، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک ژیانی لە هەرێم سەخت کرد.

9. زاخۆ لە لوتکەی وەرزشی جیهاندا
لە 16ی کانوونی یەکەمی 2025، جەماوەری یانەی زاخۆ شانازییەکی گەورەیان بۆ وەرزشی کوردستان و عێراق تۆمار کرد و بە فەرمی خەڵاتی (FIFA Fan Award)یان وەک باشترین هاندەرانی جیهان بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی ئەو جۆش و خرۆش و کولتوورە وەرزشییەی لە یاریگاکاندا نیشانیان دا.

10. گۆڕانی کەشوهەوا؛ لە وشکەساڵییەوە بۆ لافاو
2025، هاوینێکى سەختى بە دانیشتوانى هەرێم بەخشى و زۆرێک لە سەرچاوە ئاوییەکان وشک بوون و گرفتى گەورەى بۆ کەرتى کشتوکاڵى دروستکرد، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم دیمەنە، لەگەڵ چوون بۆ مانگى 12ـى 2025، کەشەکە پێچەوانە بووەوە و بارانى بەخوڕ و گشتگیر، لە هەریەک لە چەمچەماڵ، تەکیە، شۆڕش و پیرەمەگروون بوونە هۆى هەستانى لافا و زیانگەیاندن بەسەدان ماڵ و ئۆتۆمبێل.

2025 بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام شوێنەوارەکانی ئەم رووداوانە بۆ ساڵانی داهاتوو لەسەر نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جیهان و کوردستان دەمێننەوە.