زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزان
بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە کەرکوک و چەمچەماڵ دابینکرا
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، 100 لیتر نەوتی سپیان بۆ هەر خێزانێکی زیانلێکەوتووی لافاوەکان لە پارێزگای کەرکوک و قەزای چەمچەماڵ دابینکردووە، دەشڵێت “ژمارەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزان.
عەلی محەمەد رەبیع، بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند “بە رەزامەندی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت و بە سەرپەرشتی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردن، لەسەر داوای رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ ئەو خێزانانە تەرخانکردووە کە بەهۆی لافاوەکانی ئەم دواییەوە لە کەرکوک و قەزای چەمچەماڵ زیانیان بەرکەوتبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد “بۆ هەر لیترێک نەوت بڕی 150 دینار وەکو نرخی فەرمی لە خێزانەکان وەردەگیرێت و ئەم خێزانانەش بەبێ کارتی سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی نەوت پێیان دەدرێت، ئەوەش وەکو پاڵپشتییەکە بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان لەم بارودۆخە نائاساییەدا، کە ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزانە.
ئەم رێکارەى وەزارەتی نەوت لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی خێرایە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی خۆجێی کەرکوک و شانەی تەنگەژەکان، بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی نەوتەکە بەو خێزانانەی کە شایستەن لە پارێزگای کەرکوک و قەزای چەمچەماڵ.
دەشڵێت “دابەشکردنەکە لەژێر سەرپەرشتی مەیدانیی راستەوخۆی لیژنەیەکی هاوبەش دەبێت کە پێکهاتووە لە دیوانی پارێزگای کەرکوک و لقی کۆمپانیای دابەشکردن لە پارێزگاکە.”