لە کوێستانەکانی لۆلان
هێشتا ژمارەیەک هاوڵاتی لەناو بەفر رزگار نەکراون
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە دوێنێوە چەند وەجبەیەک هاوڵاتی لە کوێستانەکانی برادۆست و سۆران لەناو بەفردا گیریان خواردووە، بەشێکیان رزگار کراون و تا ئێستاش هەشت کەس ماون کە نەتوانراوە رزگار بکرێن.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، 21 کەس لە کوێستانەکانی لۆلان لە سیدەکان گیریان خواردووە 13 کەسیان ئێرانی بوون و رزگاریان بووە، بەڵام هەشت کەسەکەی دیکەیان هی هەرێمن و نەتوانراوە رزگاریان ببێت.
وتیشی، شوێنەکە زۆر سەختە و تیمەکانیان شەش کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل و دوو کاتژمێر بە پێ رۆیشتوون بە دوایاندا و نەیانتوانیوە پێیان بگەن، هەرچەندە ئەمشەو مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام ناچارن سبەینێ بچن بەدوایاندا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی