دیمەنی ئەرشیفی حاجیانی کورد لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی حەجدا _ وێنە: 964
سێ هەزار و 443 حاجی
ئەوانەی لە 2025 حەجیان كردووە قەرەبوو دەکرێنەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە هەموو ئەو حاجییانەی ساڵی 2025 بە فرۆکە گەشتیان کردبوو لەکاتی گەڕانەوەیان بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان ئەوکاتی عیراق ڕاگیرابوون و حاجیان ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە، دوای خەمڵاندنی جیاوازی پارەکە قەرەبوو دەکرێنەوە کە ژمارەیان سێ هەزار و 443 حاجی بوون
کاروان ستونی ئەمڕۆ یەكشەممە 28.12.2025 بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا نووسراوی فەرمییان پێ نەگەیشتووە بەڵام بڕیارە دوای پشووی سەری ساڵ نووسراوەکە بگات، پێش وەختەش ئاگادار کراینەوە، کە لیستی ناوی حاجییەكان ئامادە بکەین و بۆیان بنێرین.
وتیشی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە، دوای وەرگرتنی بڕە پارەکە، بە میکانیزمێکی گونجاو کە ئەوپەڕی ئاسانکاری تێدا بێت، پارەکە بدرێتە ئەو هاوڵاتییانەی کە لە ساڵی 2025 بە فڕۆکە چووبوونە سعودیە و لەوێشەوە بە پاس گەڕابوونەوە
ئاماژەی بەوەش دا، بە پێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراوە لە بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعومڕە بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ قەرەبووکردنەوە دیاری کراوە لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقە، 80 هەزار دینارە بۆ هەر حاجییەك، چونکە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی هەموو ساڵێک خۆیان گرێبەستی فڕۆکە و هۆتێل و خواردن و خزمەتگوزارییەکانی شاری مەدینە دەکەن و تەنانەت لە خەمڵاندنی پارەکەدا هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعومرەی كوردستان لە لیژنەکەدا نەبوون.
لە ساڵی 2025 بەهۆی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بۆ ماوەیەك گەشتی فڕۆكە لە ئاسمانی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە وەستا، بۆیە ئەو حاجییانەی لە سعودیە دەبوو بە فڕۆكە بگەڕێنەوە كوردستان، ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە.