"هەر باران ببارێ ئەوە وەزعیەتی"
پردی پشتێنەی خورماتوو ئاوبردی؛ بەسەدان بارهەڵگر ماونەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
پردی پشتێنەی خورماتوو کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای قەزاکەوە، ئاوبردی و رێگای نێوان بەغدا – کەرکوک بۆ بارهەڵگرەکان پەکی کەوت و ژمارەیەکی زۆر لەو رێگایەدا ماونەتەوە.
بەهۆی لافاوەکەی 9ـی ئەم مانگە بەشێکی پردی نێوان کەرکوک – بەغدا لە سنووری باشووری خورماتوو داڕما، بۆیە هەر ئەوکات رێگای بارهەڵگرەکان گواسترایەوە بۆ پشتێنەی قەزاکە، ئەمڕۆ بارانی بەخوڕ و لافاو ئەویشی راماڵی و بارهەڵگرەکان بەتەواوەتی پەکیان کەوت.
عەبدوڵا حسێن شۆفێری بارهەڵگرە و لە نێوان بەغدا – کەرکوک ئیش دەکات، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەر باران ببارێ، ئەو پردە ئاو دەیبات و چەند جارێکی تریش ئەم رووداوە روویداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەسەدان بارهەڵگر ماونەتەوە و ناتوانن لە بەغداوە بچنە کەرکوک.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری