دوای خۆپیشاندانەکان بەشێکی شەقامی گوندەکە کۆنکریت کرا
سەردار لە قوڕ رزگاری بوو بەڵام ستوونەکانی کارەبا بوونەتە کێشە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دانیشتووانی گوندی سەردار لە سنووری هەولێر، ساڵانێکی زۆر گرفتار بوون بەدەست قوڕ و لیتەی کۆڵانەکانەوە، دواجار بەشێکی رێگەی سەرەکی گوندەکەیان بۆ کۆنکریت کرا، بەڵام ئێستا کێشەیەکی نوێیان بۆ دروستبووە ئەویش ئەوەیە ستوونەکانی کارەبا لە ناوەڕاستی رێگەکەدا ماوەتەوە و بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی شۆفێراندا.
چاککردنی رێگەکە دوای ئەوە هات کە لە 29.10.2025، خەڵکی گوندەکە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیان کرد و دەنگیان گەیاند، ئەسعەد ئەنوەر کە 30 ساڵە نیشتەجێی ئەو گوندەیە بۆ 964 وتی، پێشتر بەهۆی قوڕ و ناخۆشی رێگەکەوە میوان نەدەهاتە گوندەکەیان، ئێستا کە رێگەکە چاککراوە داوا دەکات ئەو ستوونی کارەبایانەشیان بۆ لابدەن کە مەترسی دروستکردووە.
گوندی سەردار کە لە رابردوودا ناوی “عەزە و قونیان” بووە، تەنیا 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی شەمامکە، لە ئێستاشدا گوندەکە لە رووی خزمەتگوزاریی شارەوانییەوە خراوەتە سەر سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر