مارک ساڤایا خۆشحاڵه‌ و هەڕەشەش دەکات

ئه‌مریكا ژنه‌ ئه‌فسه‌رێكی باڵاى راسپاردووه‌ چه‌ك له‌ میلیشیاكانى عێراق دابماڵێت

964+

فەرهاد حەسەن

مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، لە نوێترین هەڵوێستیدا هۆشداریی زیاتری بە عێراق و مەرجەعییەت داوە، لەبارەی چەكداماڵینی ئەو گروپە چەكدارانەی لە ئێرانەوە نزیکن، ئەمە لەکاتێکدایە ئه‌مریكا ژنه‌ ئه‌فسه‌رێكی باڵاى راسپاردووه‌ بۆ پرۆسەی چه‌كداماڵین له‌ میلیشیاكانى عێراق.

نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی، هەنگاوەكانی سوپای عێراق بە ئاڕاستەی چەكداماڵینی گروپەكان پێشوازی لێكراوە و بەرەوپێشچوونێكی بوێرانەیە، ئەو هەنگاوانە ئاماژەیەكی ئەرێنین بۆ وەڵامدانەوەی مەرجەعییەت و دەسەڵاتە ئاینییەكان هەیانبووە، دەشڵێت “پێزانینی قووڵم هەیە بۆ دانایی، سەركردایەتی ئەخلاقی و رێنماییەكانیان كە رێبەرایەتی نەتەوەكەی كردووە.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تەنیا راگەیەندراوەكان بەس نین، بەڵكو چەكداماڵینەکە دەبێت گشتگیر و یەكلاكەرەوە بێت، جێبەجێكردنەكەشی لە رێگەی چوارچێوەیەكی نیشتیمانییەوە ئەنجام بدرێت.

ساڤایا روونیکردووەتەوە “بەپێی دەستووری عێراق و یاساكان هیچ پارتێكی سیاسی، رێكخراوێك یان كەسێك مافی ئەوەی نییە لە دەرەوەی دەوڵەت گروپی چەكداری هەبێت، ئەو پرەنسیپەش بەسەر هەموو بەشەكانی عێراقدا جێبەجێ بكرێت بەبێ جیاوازی، دەسەڵاتی هەڵگرتنی چەك و بەكارهێنانی دەبێت تەنیا لە دەستی دامەزراوە فیدراڵییەكان و هەرێمییەكان بێت كە بەرپرسیارن لە فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی ‌هێزە چەكدارەكان بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و گەلەكەی”.

ئەم هەڵوێستەی ساڤایا لە كاتێكدایە، کە ژنە ئەفسەرێکی باڵای ئەمریکا بەناوی ستیفان باگلی، کە بەرپرویرێتییەکەی پاشكۆی سەربازییە لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانیشی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی بەغداد و هەولێر كۆبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، بەپێی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی ئەمریکا كە لە رۆژی 11.12.2025 پەسەندكراوە و سێ مەرجی بۆ عێراق تێدایەم کە  یەكێك لە مەرجەكان راگرتنی ئۆپەراسیۆنی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكداماڵینیانە، مەرجی دووەمیش بەهێزكردنی پێگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقە وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، سێیەم مەرجیش لێپرسینەوە و سزادانی ئەو گروپانەن لە ماوەكانی رابردوودا هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

سەرچاوە رۆژئاواییەكانی بە شەرقلئەوسەتیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت ستیفان باگلی ماوەیەكی دیاریكراو و روونی بۆ سەركردە عێراقییەكان دانابێت بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەمەریكا، کە پێشتر لە مانگی تشرینی یەكەمی 2025، لە ماوەی یەك هەفتەدا باگلی دووجار لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق كۆبوەتەوە و لەسەرەتای ئەم مانگەش وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی بینیوە.

لە رۆژی 3.12.2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفان باگلی کردووە و بەپێی راگەیەندراوی وەزارەت هەردوولا گفتوگۆی چەندین بابەتیان کردووە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، هەروەها هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە و بنیاتنانی دەڤەر و فیرقەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.