نۆبەرەی گەڵامێو کیلۆی بە 30 هەزارە و کەس دەستی ناکەوێت
964+
ئاودێر عومەر
لە عەلوەکەی سلێمانی یەک کیلۆ گەڵامێو نرخەکەی گەیشتووەتە 30 هەزار دینار و خواستێکی زۆری لەسەرە بە مەبەستی سەیران و گەشتوگوزار، کەچی دەستیش ناکەوێت.
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت “ئێستا گەڵامێو لە بازاڕدا نییە و دەست ناکەوێت، بەڵام دوو رۆژ پێش ئێستا جووتیارێکی عەرەب، لە ناوچەی دیالە 50 کیلۆی هێناوە و کیلۆیەکی بە 30 هەزار دینار فرۆشتووە، ئەو بڕە کەمەی لەناو مەشتەل پێگەیاندووە، لەوکاتەشەوە بەدەستمان نەگەیشتووە، داوامان کردووە بۆ پێش رۆژی هەینی بەدەستمان بگات”.
وتیشی، سەرەتا نرخی گەڵامێو بەو شێوەیە بەرزە، بەڵام تاوەکو نەورۆز هەرزان دەبێت و کیلۆی دەگاتەوە دوو هەزار دینار و کەمتریش.
کە زۆرینەی ئەو گەڵامێوەی لە وەرزی بەهاردا هەیە بەرهەمی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نییە، گەڵامێوی خۆمانە لە نزیکی مانگی شەش دەکەوێتە بازاڕەکانەوە، سەروەر عەلی وای وت.
لە وەرزی بەهار و چوونە دەرەوەی هاوڵاتیان بە مەبەستی گەشت و سەیران یاپراخی گەڵامێو خواردنی سەرەکی سەیرانەکە دەبێت بۆ زۆرێک لە خێزانەکان.