قازانج نەوتیستە و بۆ پاراستنی ژینگەیە

لە پشدەر رێکخراوێک نەمامگەیەک دروستدەکات ساڵانە زیاتر لە 5000 نەمام بەرهەمدەهێنێت

فەرهاد حەسەن

لە پشدەر رێکخراوێک نەمامگەیەک دروستدەکات، دەڵێت ” قازانج نەوتیستە و بۆ پاراستنی ژینگەیە” ساڵانەش زیاتر لە پێنج هەزار نەمام بەرهەمدەهێنێت.

نەمامگەکە بەناوی “زاگرۆس” لەلایەن ماڵی کەلەپوری و رۆشنبیری قەڵادزێ و ناوەندی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، لە قەڵادزێ دروست دەکرێت.

عەلی دینکە، سەرپەرشتیاری ماڵی کەلەپوری و رۆشنبیری قەڵادزێ بە 964ـى وت، بەرهەمی نەمامگەکە بریتی دەبێت لە بەڕوو و چەند جۆرە نەمامێکی دیکە بەڵام بەڕووەکە زیاتر دەبێت.

وتیشی “زەوییەکی تایبەتمان بۆ نەمامگەکە دابینکردووە و دەستیشمان بە چاندنی دەنکە بەڕووەکان کردووە بۆ ئەوەی ببن بە شەتڵ”.

ئاماژە بەوەدەکات، دەیانەوێت رێگای هەزاران کیلۆمەتر لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێبکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو نەمامگەیەکی باش و سەرکەوتوویان هەبێت، بە پێی ئەو پلانەش دایانناوە نەمامگەکە ساڵانە پێنج هەزار بۆ حەوت هەزار نەمام بەرهەمدێنێت، دەشڵێت “نەمامگەیەکی قازانج نەویستە و تەنیا لەپێناو سەوزکردن و پاراستنی ژینگەی وڵاتدا دەبێت”.