رانیەیەکان بە راکردن یادی راپەڕینیان کردەوە
964+
مەجید بتوێنی
جیاواز لە ساڵەکانی دیکە، ئەمساڵ ئیدارەی راپەڕین بە چالاکییەکی وەرزشی یادی راپەڕینی کردەوە.
لیژنەی باڵای تيپە میللییەکانی رانیە، بە کەرنەڤاڵێکی وەرزشی یادی راپەڕینی کردەوە، ئەویش راکردنی ماوە درێژ بوو.
راکردنەکە لەناو یاریگای ئازادەڕەش بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر میوان و وەرزش دۆشت بەڕێوەچوو، کوڕان هەشت کیلۆمەتر و کچانیش پێنج کیلۆمەتر رایانکرد.
لە کچاندا، لانە رزگار پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هەروەها ئیمان عوسمان پلەی دووەم.
هاوکات لە کوڕاندا ئاریان حاجی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بڵند نادریش پلەی دووەم.
لەبارەی چالاکییەکەوە، ئەکەرەم چالاک، بەڕێوەبەری وەرزشی راپەڕین و سەرۆکی لیژنەی باڵای وەرزشی راپەڕین بە 964 وت، لەم هەفتەیەدا 11 چالاکی وەرزشی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن، ئامانجیش لەمەدا گرنگیدانە بە وەرزش و توانای گەنجان لە بواری وەرزش.
وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوو چەند چالاکیەکی تر بەڕێوەبچن، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو پاڵەوانیەتی کینگ بۆکسین لەسەر ئاستی کوردستان لەناو باخی گشتی شاری رانیە ئەنجام دەدرێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق