دیمەنی چەمچەماڵ - فۆتۆ: 964
داوای بەخشینیان كردووە
قایمقام، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و سەرۆكی شارەوانی شۆڕش لە پۆستەكانیان نامێنن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند قایمقام، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و سەرۆكی شارەوانی شۆڕش لە پۆستەكانیان نامێنن و داوای بەخشینیان كردووە.
قوباد تاڵەبانی ئەم ئێوارەیە لە چەمچەماڵە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، قایمقام، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و سەرۆكی شارەوانی شۆڕش لە پۆستەكانیان نامێنن و داوای بەخشینیان كردووە و قبوڵیش كراوە.
وتیشی، بە دوای كەسانی دیكەدا دەگەڕێین بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە، “با بە ویژدان بین و ناكرێت خزمەتی چەند ساڵی ئەو كەسانە زەڕبی سفر بكەین و خۆیان هەستیان بە بەرپرسیارەتی كردووە و داوای بەخشینیان كردووە، دووریش نییە لە داهاتوو پۆستی دیكە وەربگرن.
هاوكات ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە لافاوەكەی چەمچەماڵ راگەیاندرا و دەڵێن، لافاوەكە سروشتی بووە، بەڵام دەكرا زیانەكان كەمتر بن، هەروەها دەڵێن هەزار و 258 ماڵ زیانیان بەركەوتووە.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، متمانەم بە ئەنجامی لێكۆڵینەوە هەیە و وەك جێگری سەرۆكی حكومەت لێرەم.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد، “حكومەتی هەرێم بەشداری دەكات لە بووژانەوەی چەمچەماڵ، دوو حیسابی بانكیمان كردووەتەوە، لیژنەی لێكۆڵینەوەمان پێكهێناوە و دەمانەوێت ئیشەكان بە رێكوپێكی بكرێن و ئەنجامەكەی ئەوەبێت، هەموو زیانلێكەوتووان قەرەبوو بكرێنەوە”.