بەنداوی دێوانە بهدهست ئاوەڕۆی دەربەندیخان گرفتاره
964+
هونەر فارس – دەربەندیخان
ئاوى زێراب و پاشهڕۆكانى تر له رێگهى بەشێک لە ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی دەربەندیخان دەڕژێتە بەنداوی دێوانەوە و بەڕێوەبەری ئهم بەنداوهش هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی کاتی دروستکردنی بەنداوەکە دەگەڕێنێتەوە.
بەنداوی دێوانە، دەکەوێتە قەزای دەربەندیخانەوە، یەکێک لە بەنداوە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستانە و نزیکەی 19ملیۆن مەترسێجا ئاو لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی 964 نزیکەی %34ی ئاوەڕۆی قەزاکە دەڕژێتە ناو بەنداوەکەوە، سەردەشت محەمەد دانیشتویەکی قەزای دەربەندیخانە، پێیوایە هەڵەیان کردووە کە پێش دروستکردنی بەنداوەکە چارەسەری ئاوەڕۆكانى دەربەندیخانیان نەکردووە.
درێژی ئەو ئاوەڕۆیەی کە بۆ جیاکردنەوەی زێراب لە بەنداوەکە پێویستە دروستبکرێت، حەوت کیلۆمەتر و 70مەترە و پێویستی بە حەوت ملیار دینار هەیە.
جەمال شێخ محەمەد بەڕێوەبەری بەنداوی دێوانە، بە تۆڕی964ی راگەیاند: لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی پارە بۆ جیاکردنەوەی ئاوەڕۆی دەربەندیخان لە بەنداوی دێوانە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینەوە نەتواندراوە پارە بۆ پڕۆژەکە تەرخان بکرێت.
سەبارەت بەو پرسیارەی هاوڵاتیانی دەربەندیخانیش کە بۆچی پێش بەنداوەکە بیر لە ئاوەڕۆکە نەکراوەتەوە، هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی گەڕاندەوە و پێشیوابوو”ئەگەر کیلۆمەترێک بەنداوەکە لە سەروتر دروستبکرایە نە زێرابی تێکەڵ دەبوو، نە پێویستیشی بە سەرفکردنی ئەو حەوت ملیارە هەبوو”.
بەرزی بەنداوەکە 43 مەترە و لە ئێستادا کەمتر لە مەترێکی ماوە بۆ ئەوەی سەرڕێژ ببێت
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن