ئاوارەکانی خورماتوو لە کەلارەوە
خۆیان ئاوارەن و ھاوکاری بۆ چەمچەماڵ کۆدەکەنەوە
964+
میلاد جەلال -گەرمیان
ئاوارەکانی دووزخورماتوو کە لە گەرمیان نیشتەجێن، کەمپینێکی کۆکردنەوەی ھاوکاریان بۆ چەمچەماڵیەکان راگەیاندووە.
مامۆستا ھاوار شافیعی سەرپەرەشتیاری کەمپینەکەیە بە 964ـی وت، “لە ساڵی 2017 ئاوارەبووین و بێ ماڵ و حاڵ بووین، لەو ھەستە تێدەگەین کە بەسەر خەڵکی چەمچەماڵ ھاتووە، بۆیە وەک ئاوارەکانی خورماتوو بڕیاری ئەم کەمپینەمان داوە”.
“ئەوکاتەی ئێمە ئاوارەبووین خەڵکی چەمچەماڵ زۆر بەوەفابوون لەگەڵمان، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئێمە وەفای خۆمان بسەلمێنین”،ھاوار شافیعی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کەمپینەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و داواکارن ھاوڵاتیان ھاوکاریەکانیان بھێنن بۆ بەرامبەر قوتابخانەی لەیلا قاسم لەناو بازاڕی کەلار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی