ناوبەناو تاشەبەرد دەکەونەخوار
رێگاکانی سۆران مەترسیدارن و زۆر زەروور نەبوون خۆیانی لێ مەدەن
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
رێگاکانی سۆران مەترسیدارن و هەر ئەمڕۆ لە چەند رێگایەک تاشەبەرد لە شاخەکان کەوتوونەتەخوار، بەرگری شارستانیش لەڕێی 964ـەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، تا بۆیان دەکرێ خۆ لەو رێگایانە نەدەن، ئەگریش بەناچاری رێیان کەوتە ئەوێ، بەهیچ شێوەیەک نەوەستن.
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، “جگە لە باران و هەورەبروسکە، کارکردن لە پڕۆژەکانیش هۆکارن بۆ بەردانەوە بەردی سەر شاخەکان بۆ سەر رێگاکان و ئەمڕۆ لە چەند شوێنێک مەترسیان دروستکردووە”.
“هاوڵاتیان تا بۆیان دەکرێ، لەم ماوەیەدا نەچنە ناوچە شاخاوییەکان، ئەگەریش چوون، بەهیچ شێوەیەک لە قەراغ جادەکان بۆ وێنەگرتن نەوەستن و سەیارەکانیان رانەگرن”، کاروان میراودەلی وای وت.
کامەران بلەیی کاسبکارێکی سەر رێگای گەلی عەلی بەگ باسی کەوتنەخوارەوەی چەند تاشەبەردێکی بۆ 964 کرد کە ئەمڕۆ بەربوونەوە سەر رێگاکە، ئەو وتی، “پیش ئەوەی بەردەکان بکەونەخوار، دوو سەیارە وەستابوون، هەر ئەوان رۆیشتن بەردەکان کەوتنەخوار”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری