قوتابخانە و 15 ماڵیش ئاویان تێچووە
بارانەکە ئاوەڕۆ و رێگەی گەڕەکی توەسپی وێران کردووە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی چەند رۆژی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، زیانێکی زۆر بەر گەڕەکی توەسپی شاری سلێمانی کەوتووە، بەو پێیەی گەڕەکەکە دەکەوێتە بناری شاخی قەیوان و لێژییەکەی زۆرە، ئاو بە خوڕ دێتە خوارەوە و بەهۆیەوە تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە هەڵتەکیوە و رێگەکان تێکچوون، بە جۆرێک بۆرییەکان دەرکەوتوون و ئۆتۆمبێل ناتوانێت بە کۆڵانەکاندا تێپەڕ ببێت.
سامان حاجی عەلی، موختاری گەڕەکی توەسپی بۆ 964ـی وتی، مەترسیدارترین دۆخ لە قوتابخانەی بنەڕەتیی گەڕەکەکەدا دروست بووە کە پۆلەکانی لە کابینە دروستکراون، لافاوەکە راستەوخۆ چووەتە نێو پۆلەکانەوە لە کاتێکدا دەوام هەبووە، مامۆستایان و خەڵکی گەڕەک بەپەلە قوتابییەکانیان رزگار کردووە و هێناویاننەتە دەرەوە پێش ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.
وتیشی، جگە لە قوتابخانەکە نزیکەی 10 بۆ 15 ماڵ ئاویان تێچووە و زیانی مادییان بەرکەوتووە، هەرچەندە تیمەکانی شارەوانی هەندێک چارەسەری کاتییان کردووە و رێڕەوی ئاوەکەیان گۆڕیوە، بەڵام دانیشتووانەکە داوای چارەسەری بنەڕەتی دەکەن کە دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقییە، چونکە بۆرییەکان بەرگەی ئەو لافاوە ناگرن و ئێستا تەواوی رێگەکان پڕ بوون لە قوڕ و بەرد و خەڵکی ناوچەکە تووشی ئاستەنگی هاتووچۆ بوون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر