کونسوڵخانەی تورکیا ئامادەیە هاوکاری زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ بکات – وێنە؛ وەزارەتی تەندروستی هەرێم
پەیوەندییان بە وەزارەتی تەندروستییەوە کردووە
کونسوڵخانەی تورکیا ئامادەیە هاوکاری زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ بکات
شۆڕش قادری
کونسوڵخانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕێ هاوکاری زیانلێکەوتووانی قەزای چەمچەماڵ بکات.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 10.12.2025 لە کونسوڵخانەی تورکیاوە پەیوەندییان پێوەکراوە، هاوخەمی و دڵگرانی و پرسە و سەرەخۆشیان بۆ قوربانیانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ دەربڕیوە و هیوای چاکبوونەوە و سەلامەتیان بۆ برینداران و لێقەوماوانی ئەو رووداوە دەربڕیوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کاربەدەستانی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەرێم جەختیان لە ئامادەیی و پاڵپشتی و هەماهەنگی هەردوولا کردووەتەوە بۆ هەر پێداویستییەکی پێویست بێت.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و بەهۆیەوە جگە لە چەمچەماڵ، لە سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان و چەند شوێنێکی دیکەش لافاو دروست بوو، زۆرترین زیانیش بەر قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش کەوت، کە لەو ناوچەیە سەرەڕای زیانی ماددی زۆر، دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکەش برینداربوون.