دیداری شاندی ژوورە بازرگانییەكانی هەولێر و شاریقە
شاندێكی هەولێر لەوێن
بازرگانان و کۆمپانیاکانی شاری شاریقە سەردانی شاری هەولێر دەکەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە دیداری شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و هاوتاكانیان لە شاری شاریقەی ئیماراتی، رێككەوتن كرا شاندێكی بازرگانان و کۆمپانیاکانی شاریقە سەردانی شاری هەولێر بکەن و پەیوەندییە بازرگانییەكان بەهێزتر بكرێن.
سێ رۆژە شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە ئیماراتن و كۆمەڵێك دیدار و سەردانیان بۆ ژوورە بازرگانییەكانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە، لەوانە دوبەی و شاریقە و هەروەها لەگەڵ پاشكۆی بازرگانی باڵیۆزخانەی عێراق كۆبوونەوە.
كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژوورەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 10.12.2025 لە ئیماراتەوە بە 964ی راگەیاند، شاندەكەیان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاریقەی کرد، هەردوولاش هاوڕابوون لە داهاتوویەکی نزیکدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا واژۆ بکرێت، هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی ژوور و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی شاریقە کرا بۆ شاری هەولێر، لە بەرامبەردا سەرۆکی ژووری بازرگانی شاریقە، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەم داوەتە و رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شاندێکی گەورەی بازرگانی سەردانی شاری هەولێر دەکەن.
وتیشی، ئامانجێکی تری سەردانی شاندی ژوور بۆ ژووری بازرگانی شاریقە، سوودوەرگرتن بوو لە ئەزموون و شارەزایی سەنتەری ناوبژی ئەم ژوورە، کە ژووری بازرگانی هەولێریش نیازی دامەزراندنی هەیە لە شاری هەولێر، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاریقە پرێزنتەیشنێك لەسەر ئەم بابەتە پێشکەشکرا، ئامادەبووانیش لە ژوور بە پرسیار و را و سەرنجەکانیان بەشداریان تێدا کرد.
شاریقە یەكێكە لە ئەمارەتەكانی ئیمارات و بەوە ناسراوە ناوچەیەكی پیشەسازییە و ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای نێودەوڵەتی لەوێ كاردەكەن و ناوەندێكی بازرگانیی گەورەیە.
964 زانیویەتی، ژووری بازرگانیی هەولێر پلانی هەیە “ژووری ناوبژی” دروست بكات، كە وەك دادگایەكە و كێشەی نێوان كۆمپانیا و بازرگان و خاوەن كارەكان چارەسەر دەكات و یەكلای دەكاتەوە.
پێشتر لە دیداری سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەگەڵ پاشكۆی بازرگانیی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیمارات، ئاشكرا كرا قەبارەی ئالوگۆڕیی بازرگانی نێوان عێراق و كوردستان لەگەڵ ئیمارات، لە 2024 بڕی 38 ملیار دۆلار بووە.