بەهانایانەوە چوون

20 هاوڵاتی لە گوندێکی تەقتەق گیریان خواردووە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

نزیکەی 20 هاوڵاتی لە گوندی چۆمحەیدەری سنوری قەزای تەقتەق، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک گیریان خواردووە و تیمی مەلەوانی تەقتەق لە هەوڵی رزگارکردنیان.

ئەو هاوڵاتییانە کاتێک زانیوویانە ئاستی ئاوی زێی بچوک بەرزبووەتەوە هەوڵیان داوە بچن و ماسی لە حەوزەکانیان دەربکەن، بەڵام لەپڕ ئاوەکە زۆر زیاد دەکات و ناتوانن خۆیان رزگار کەن.

پەیامنێری 964 لە قەزای کۆیە دەڵێت، ئاو چووەتە ناو ماڵی هاوڵاتیانیش لە گوندەکە و یەکێک لەو هاوڵاتییانە ڤیدیۆی ماڵەکەی خۆی بۆ ناردووە و باسی دۆخی خۆیان دەکات، کە کاریگەری لافاوەکە تا چ رادەیەک بووە لەسەریان.

هەر بەهۆی لافاوەکەوە ئاو لێڵ بووە، ئاوی کۆیە داوای لە هاوڵاتیانی قەزاکەی کرد، بەوریاییەوە ئاو بەکار بهێنن تاوەکو ئەو کاتەی ئاوی زێی بچووک روون دەبێتەوە و رێژەی لێڵی ئاو دادەبەزێت و کاری خاوێن کردنەوە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو ئەنجام دەدرێت.

باران بارینی زۆر و بوونی لافاو، سەرجەم پرۆژەکانی بەرهەم هێنانی ئاوی خواردنەوە کە ئاو بۆ شاری کۆیە دابین دەکەن “پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە” و “پڕۆژەی ئاوی تەق تەق – کۆیە” لێڵ کردووە وسەرجەمیان لەکار وەستێنراون.

ئاوی کۆی لە راگەیەندراوێکدا ئەمشەو 9.12.2025، ئاماژە بەوەدەکات، بەهۆی ئەوەی رێژەی لێڵی ئاو(NTU) زۆر بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی “10.000” وە فلتەرەکانی پاڵاوتنی ئاو لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو ناتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە پێدانی ئاویان بە کاتی راگرتووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بەهۆی هەورەبروسکەوە بەشێکی گرنگی وێستگەیەکی کارەبا لە...

بەهۆی هەورەبروسکەوە بەشێکی گرنگی وێستگەیەکی کارەبا لە کۆیە سووتاوە