راگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆمار
توركیا دەنگۆی كۆبونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەردۆگانی رەتکردەوە
964+
فەرهاد حەسەن
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە رێککەوتنێک لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کراوە، بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی دوو قۆڵی.
رۆژنامەی (زەمان)ی تورکی راگەیاندراوێکی بورهانتین دوران، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی كۆماری توركیای بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویكردووەتەوە و دەڵێت “بەرنامە و کارنامەی سیاسی ئەردۆغان هیچ کۆبونەوەیەک لەگەڵ مەزلوم عەبدی لەخۆناگرێت.”
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبونەوەیەكی لەو شێوەیە لە ئێستادا لەگەڵ ستراتیژییە ئەمنییەکانی تورکیادا ناگونجێن و “بانگەشەی کۆبونەوەکە بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە” و هەڵوێستی ئەنقەرە لەو بارەیەوە روون و ئاشکرایە.
پێشتر بەشێك لە میدیاكان بڵاویانكردەوە كە بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، سەردانی تورکیا بکات و لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆگانەوە پێشوازی لێ بکرێت و رەنگە سەردانی ئیمڕاڵیش بكات بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە.