هێزەكانی سوریای دیموكرات ناسراو بە هەسەدە - وێنە: ئاژانسەکان
"ئامادەنین هەسەدە تێكەڵی سوپا بكەن"
مەزلوم عەبدی داوای هەرێمێكی هاوشێوەی (هەرێمی كوردستان) لە سوریا دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوای دامەزراندنی هەرێمێکی خۆسەر لە سوریا دەكات.
بەپێی هەواڵێكی سكای نیوز، ئەمڕۆ سێشەممە 7.10.2025 لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سوریا، مەزڵوم عەبدی سەقفی داخوازییەکانی کوردی بەرزکردەوە و داوای هەرێمێكی خۆسەریی كردووە، هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی عێراق.
عەبدی بەپێی سەرچاوەكە هەروەها یەکگرتنی تەواوی هێزەکانی هەسەدەی لەگەڵ سوپای سوریا رەتكردووەتەوە، بەڵام ئەوەدایە بەشێک بن لە سوپای سوریا، بەڵام بەبێ یەکگرتنی تەواو.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکە، وەزیری بەرگری سوریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند، ئەمەش دوای پێکدادانەکانی شەوی رابردووی شاری حەلەب.
شەوی دووشەممە گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە دوو گەڕەكی كوردنشینن لە حەلەب، سەریهەڵدا، كە تێیدا هێزەكانی هەسەدە رووبەڕووی هێزەكانی سوریا بوونەوە.
لە مانگی ئاداری رابردوو، دەسەڵاتی نوێی سوریا و هێزە کوردییەکان رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەری کورد بە دامەزراوە نیشتمانییەکانەوە، بەڵام ناکۆکییە گەورەکانی نێوان هەردوولا جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەكەیان دواخست.
هاوكات تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەگەڵ عەبدی کۆبووەتەوە، کە “گفتوگۆی گرنگ”ی لەخۆگرتبوو.