وەزارەتی بازرگانی دەڵێت؛ بێخەم بن
عێراق بۆ ماوەی ساڵێک ئارد و بۆ پێنج مانگیش ماددە خۆراکییەکانی کۆگاکردووە
964+
فەرهاد حەسەن
وەزیری بازرگانی عێراق بە هاوڵاتیانی دەڵێت، بێخەم بن چونکە بایی ساڵێک ئارد و بایی پێنج ساڵیش ماددە خۆراکییەکانیان کۆگا کردووە ودووپاتیشیدەکاتەوە کە کۆگاکردنەکەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کە وەزارەتەکەیان بە سەرکەوتوویی ئەمنییەتی خۆراکیی لە رێگەی بەرهەمی ناوخۆییەوە بەدیهێناوە.
وتیشی “کۆگای ماددەی ئاردمان هەیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکی تەواو دابینکراوە، بۆ پاشماوەی ماددە خۆراکییەکانی دیکەش کۆگاکانمان پێویستیی زیاتر لە پێنج مانگ دادەپۆشێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چاودێریکردنی بازاڕیش کارکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت بەردەوامە، ئەویش بەپێی بڕیارەکان لە رێگەی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 37ی تایبەت بە سیاسەتەکانی هاوردەکردن.