رێنمایی کاروباری مینی هەولێر بۆ هاوڵاتیان؛
مەترسی کەوتنەخوارەوەی مین لە شاخ و بەرزاییەکانەوە بۆ سەر رێگاکان لەئارادایە
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی بارانبارینەوە مەترسی کەوتنەخوارەوەی مین لە شاخ و کەژوکۆکانەوە بۆ سەر رێگاکان لەئارادایە و هەر کەس حاڵەتێکی لەو شێوەیەی بینی پەیوەندی بە ژمارە 182ـی هێلی گەرمی دەزگای مینـەوە بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “بەهۆی دابارینی ئەو بارانە زۆر و بەخوڕەوە، ئەگەری هاتنەخوارەوە یان غلۆربوونەوەی مین بۆ سەر رێگاکان و بۆ ناو ئاوەدانی زۆرە و ساڵانە بەهۆی بارانبارینەوە مینەکان لە شوێنی خۆیان دەجوڵێن و مەترسی زۆر بۆ سەر گیانی هاونیشتیمانیان دروست دەکەن”.
داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، هەر کەسێک مین یان پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی یان هەر شتێکی نامۆی بینی دەستکاری نەکات و پەیوەندی بە ژمارە 182ـی هێلی گەرمی دەزگای مینـەوە بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر دەشڵێت، تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ گەیشتنی ئەو رێگا و شوێنانەی مەترسی مینیان لەسەرە و هەوڵ دەدەن بەزووترین کات مەترسییەکە چارەسەر بکەن.