دیمەنێك لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە لە بەغدا
263 خوێندکاری ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووریش لە كوردستان وەرگیران
105 خوێندکارى هەرێم لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق وەرگیران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێم ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشوورى عێراق بڵاودەکاتەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە 6.12.2025 لە راگەیاندراوێكدا دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە ئەوانەى داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى ناوەراست و باشوورى عێراق پێشکەش کردبوو، ئێستا دەتوانن لە رێگەى (dirasat.mohesr.gov.iq) ئەنجامى وەرگرتنیان وەربگرنەوە.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق، ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشوورى عێراق و هەروەها ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان راگەیاند.
وەزارەتى خوێندنى باڵای خۆمان دەڵێت، لە ئەنجامى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى فیدرال، بڕیاردرا بە دابینکردنى 400 کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنى 400 کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشوورى عێراق، بۆ ئەم مەبەستە لە 127 خوێندکارى هەرێمى کوردستان کوردستان کە داواکارییان پێشکەش کردبو 105 خوێندکارى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق وەرگیران، هەروەها لە هەزار و 657 خوێندکارى ناوەڕاست و باشوورى عێراق 263 خوێندکار لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.
وەزارەتەكە روونیكردەوە، لە ئێستاوە سەرجەم وەرگیراوان پێویستە پەیوەندى بەو کۆلێژ و بەشانەوە بکەن کە ناویان لێ گەڕاوەتەوە بە مەبەستى دەستکردن بە مامەڵەى وەرگرتن.
دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان لە رێگەى لینکى (dirasat.mohesr.gov.iq) دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بدۆزنەوە.
هەروەها دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە رێگەى لینکى (regayzanko.com) دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بدۆزنەوە.