"تیمەکان دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە"
سبەی ژێرپردی سەیداوە لە هەولێر دادەخرێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەولێر هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو و سبەینێش ژێر پردی سەیداوە دادەخرێت.
باس باسی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێزە لە چەند رۆژی داهاتوودا و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانیش ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو دەکەن.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ـی وت، “هەر لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بارانبارین تیمەکانی شارەوانی و ژینگەپارێزی دەستیانکردووە بە خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان و ئەو کاتەش کە هۆشداری لە هاتنی شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ دەدرێت، هەموو تیمەکان دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە”.
“ئەمساڵ و پاریش ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە کە لەکاتی بارانبارین هەموو دەرچەکانی ژێر پردی سەیداوە دابخرێت، بۆیە سبەی بەیانی زوو بە ئامێرەکانی خۆمان ئەو شوێنە دادەخەین، بۆ ئەوەی رێگە نەدەین هاوڵاتیان ئۆتۆمبێل لەو شوێنە رابگرن”، ژیار جەلال وای وت.
پردی سەیداوە لە هەولێر ئەزموونی تاڵی لەگەڵ بارانبارین هەیە و ساڵانی رابردوو چەند جارێک لەو شوێنە ئاو کۆبووەتەوە و زیانی بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان گەیاندووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری