"مێژووەکەی بۆ چاخی ئاسنین دەگەڕێتەوە"
لەکاتی کێڵانی زەوییەک شوێنەواری گۆڕێکی “دەگمەن” لە برادۆست دۆزرایەوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە گوندێکی قەزای سیدەکان، گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە مێژوەکەی بۆ چاخی ئاسنین دەگەڕێتەوە و شوێنەواری سۆرانیش ئەم شوێنەوارە بە “دەگمەن” ناو دەبات.
شوێنەوارەکە لە کاتی کێڵانی زەوی جوتیارێک دەرکەوتوە، جەلال عوزێر خاوەنی زەوییەکە بە 964 ی وت، زیاتر لە 100 ساڵە ئەو زەوییەی هەیە و بەکاری نەهێناوە ئەمساڵ کێڵاویەتی بۆ چاندنی گەنم، بەڵام چاڵێک لە زەوییەکە دروست بوو، کە سەیریان کردووە ژوورێکی گەورەیە و پڕە لە ئێسک و پڕوسک.
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بە 964ـی وت، شوێنەوارەکە بۆ دوو هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە گۆڕەکە ئێسکی 11 کەسی تێدایە بۆ سەردەمی چاخی ئاسنین دەگەڕێتەوە.
وتیشی، “ئەوەی جیاوازە ئەوەیە، هەموویان رەگەزیان نێرە، لە بەدواداچون بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئەنجامی ئەوەی بۆچی بەم شێوەیە لە گۆڕێک نێژراون”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن