عێراق سەلامەتە
ئەمریکا داواکاری کۆچبەری هاوڵاتیانی 19 وڵات رادهگرێت
964+
فەرهاد حەسەن
ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، سەرجەم داواکارییە تۆمارکراوەکانی کۆچبەری بۆ هاوڵاتیانی 19 وڵات راگرتووە، لەنێویاندا گرین کارت و پرۆسێسی رەگەزنامەی ئەمریکی، هۆکارەکەش بۆ نیگەرانییەکانی ئەم ئیدارەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی گشتی گەڕێندراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیان، لەناو ئەو وڵاتانەی لە لیستەکەی ئەمریکادا هاتووە، ئەفغانستان، بۆرما، چاد، کۆماری کۆنگۆ، ئیکواتۆریال گینیا، ئێریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەنی تێدایە، کە لە مانگی حوزەیران توندترین سنووردارکردنی کۆچبەرییان بەسەردا سەپێنرا، لەنێویاندا راگرتنی تەواوەتی چوونە ژوورەوە، جگه له چهند حاڵهتێكی تایبهت نهبێت.
یاداشتە فەرمییەکەی ئیدارهی ترهمپ باس لە سیاسەتە نوێیەکە دەکات، ئاماژە بە هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئەندامانی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا لە واشنتن دەکات کە تیایدا پیاوێکی ئەفغانی وەک تۆمەتبار دەستگیرکراوە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی کوژراوە و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
هەروەها ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قسەکانی دژی سۆماڵییەکان چڕتر کردووەتەوە و بە “زبڵ” ناوی بردوون و دەڵێت “ئێمە لە وڵاتەکەماندا ئەوانمان ناوێت”.
لە دوای گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی لە مانگی یەکی ئهمساڵدا، ترەمپ بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە جێبەجێکردنی کۆچبەری لە پێشینەی کارەکانی داناوە و بریکاری فیدراڵی بۆ شارە گەورەکانی ئەمریکا ناردوە و پەناخوازانی سنوری ئەمریکا و مەکسیک ڕەتکردوەتەوە.
زۆرجاریش تیشکی خستوهتە سەر پاڵنەرەکانی دیپۆرتکردنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەمتر جەختی لەسەر هەوڵەکان کردووە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کۆچبەری یاسایی.
سیاسەتی نوێ ترهمپ رێگری لە داواکارییە هەڵپەسێردراوەکان دەکات و فەرمانی ئەوە دەکات کە هەمو کۆچبەرانی لیستی وڵاتان “پڕۆسەی پێداچونەوەی وردیان بەسەردا دێت، لەوانەش چاوپێکەوتنێکی ئەگەری و ئەگەر پێویست بوو چاوپێکەوتنێکی دووبارە، بۆ هەڵسەنگاندنی تەواوەتی هەموو هەڕەشەکانی ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی گشتی”.
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بە چەندین تاوانی ئەم دواییە کراوە کە گومان دەکرێت لەلایەن کۆچبەرانەوە ئەنجامدرابن، لەوانە هێرشی پاسەوانی نیشتمانی.