مالیزیا

فڕۆكەیەک بە 227 نەفەرەوە لە 2014ـەوە دیار نەماوە و بەدوایدا دەگەڕێن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی گواستنەوەی مالیزیا رایگەیاند، دەسەڵاتداران لە 30.1.2025 دەست دەکەنەوە بە گەڕان بەدوای پاشماوەی فڕۆکەی MH370ی هێڵی ئاسمانی مالیزیا کە لە ساڵی 2014وە دیارنەماوە.

مانگی ئاداری ساڵی رابردوو دەسەڵاتدارانی مالیزیا لەگەڵ کۆمپانیای ئۆشن ئینفینیتی کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی گەڕانێکی نوێ بۆ پاشماوەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی مالیزیا Flight MH370 کە لە ساڵی 2014دا دیارنەما.

لە مانگی نیسانی رابردووشدا، وەزیری گواستنەوەی مالیزیا لۆک سیۆ فۆچ رایگەیاندبوو، گەڕانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە بۆ ئەو فڕۆکە ونبووە راگیراوە، چونکە “لە وەرز دەرچووە”.

رۆژنامەی نیو ستڕایتس تایمز بڵاویکردەوە، لە 30.1.2025 گەڕان بەدوای پاشماوەی فڕۆکەی ونبووی هێڵی ئاسمانی مالیزیا کە فڕۆکەی MH370 بوو، لە قووڵایییەکی زۆری دەریاوە دەستپێدەکاتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، وەزارەتی گواستنەوەی مالیزیا رایگەیاندووە، کۆمپانیای ئۆشن ئینفینیتی بۆ ماوەی 55 رۆژ دەست بە کارەکانی گەڕان دەکاتەوە لە قووڵایی دەریا.

شەوی 8.3.2014، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مالیزیا MH370، فڕۆکەی بۆینگ 777-200 لە گەشتی کوالالامپورەوە بەرەو بێجینی پایتەختی چین، بە 227 سەرنشین و 12 ئەندامی تیمی فڕۆكەكە، لە شاشەی رادارەکان ون بوو، تا ئێستاش هیچ سۆراغێكی نییە.

پێدەچێت فڕۆکەکە لە باشووری زەریای هیندی کەوتبێتە خوارەوە، ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکە نەیتوانی شوێنی کەوتنەخوارەوەکە بدۆزێتەوە، دوای سێ ساڵ گەڕانێک کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی چەند وڵاتێکەوە پارەی بۆ دابینکرا، هیچ ئاسەوارێكی فڕۆكەكە نەدۆزرایەوە، ئێستاش وەزارەتی گواستنەوەی مالیزیا لە ئاداری 2024 بەڵێنیدا دەست بە گەڕان بكەنەوە.